کەناڵی ئەلعەرەبیە: قاسم سولەیمانی لەگەڵ سەدان پاسدار لە عیراقە

کەی دەیلی
کەناڵی ئەلعەرەبیە بڵاویکردووەتەوە، قاسم سولەیمانی، سەرکردەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ هەینی گەیشتووەتە عیراق. 

کەناڵی عەرەبیە لە هەواڵێکیدا لە زاری سائر بەیاتی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هۆزە عەرەبەکانەوە رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی، سەرۆکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە گەیشتووەتە عیراق. 

سائر بەیاتی لە دیدارێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلحەدەس وتوویەتی، " سولەیمانی لە شاری بەغداش چاوی بە سەرکردەکانی حەشد و میلیشیا چەکدارەکان و فەرماندە سەربازییەکان کەوتووە". 

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، " لەگەڵ قاسم سولەیمانیدا ٥٢٠ بۆ ٥٣٠ پاسداری ئێرانی هاتوونەتە عیراق". 

هاتنی قاسم سولەیمانی بۆ عیراق لەکاتێکدایە دوێنێ هەینی ٢٩ ی ١١ ی ٢٠١٩ لە دوای وتاری مەرجەعیەتی سیستانی، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق ئامادەیی خۆی دەربڕی دەست لەکاربکێشێتەوەو رایگەیاند، نامەی دەست لە کاركێشانەوە ئاراستەی پەرلەمانی عیراق دەکات. 

ئەمڕۆ شەممەش ٣٠ ی ١١ ی ٢٠١٩ بە فەرمی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی رادەستی پەرلەمانی عیراق کرد و لە پەیامێکیدا داوای کرد پەرلەمان بە زوویی جێگرەوەیەک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق دیاریبکات. 


30/11/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌