لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا سزاكانی سه‌ر توركیای په‌سه‌ند كرد

کەی دەیلی
لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس400ی رووسی لەلایەن تورکیا و ئەنجامدانی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، بڕیاری سەپاندنی سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا پەسەندکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، بە زۆرینەی‌ دەنگ لیژنەی‌ کاروباری‌ دەرەوەی‌ ئەنجومەنی‌ پیرانی‌ ئەمریکا  سەپاندنی‌ سزای‌ بەسەر تورکیادا پەسەند کرد و بڕیارە سبەینێ پێنجشه‌ممه‌ 12ی کانوونی یەکەم، لە ئەنجومەنی‌ پیران، بخرێتە دەنگدانەوە.

هاوکات، بڕیارەکە بە 18 دەنگی بەڵێ و چوار دەنگی نەخێر پەسەندکرا.

لەلایەکی دیکەوە، رۆبێرت مێنێندێز، سیناتۆرێکی دیموکراتەکانە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، "کارەکانی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە، یاساش ئەمە پشتڕاستدەکاتەوە بۆ تورکیا، ئەو کارانەشی بەرامبەر سوریا ئەنجامیداون جێگەی قبوڵکردن نین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کڕینی سیستەمی بەرگری موشەکی ئێس400 ی رووسیش لەلایەن تورکیاوە، شیاوی لێبووردن نییە".

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا پەسەندکرد و رەوانەی ئەنجومەنی پیرانی کرد. بەپێی پرۆژەیاساکە، سزا بەسەر کەرتی ئابوری و پیشەسازی تورکیا و ئەو بەرپرسانەی رۆڵیان هەبووە لە هێرشکردنەسەر رۆژئاوای کوردستان دەسەپێندرێت.

بە پێی یاساكانی ئەمریكا ئەم سزایەی كە بڕیارە سبەی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بۆ سەپاندنی بەسەر توركیادا تاوتوێبكرێت، دیاریكراوە و ناوی سزای بەگژاچوونەوەی وڵاتانی دژ بە ئەمریكان.

سزاكە بریتییە لە پچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسی و بازرگانی و پیشەسازی و سەربازییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتی سزادراو، پێشتریش ئەمریكا ئەمجۆرە سزایەی بەسەر هەریەكە لە ئێران و كۆریای باكورو چەند وڵاتێكی دیكەدا سەپاندووە.



12/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌