کەی دەیلی
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باس له گرنگی په‌سه‌ند كردنی یاسای چاكسازی له ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ده‌كات و پێی وایه زادەی کاری هاوبەشی هەموو لایه‌كه وەک یەک تیم و پێی باش نییه كه‌س بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە، راشیده‌گه‌یه‌نێت، هێشتا چاکسازیی تەواو کاری زیاتری لەم پڕۆژە یاسایە دەوێت.
ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له نووسینێكدا له لاپه‌ڕه‌ی خۆی له فه‌یسبوك بڵاویكردووه‌ته‌وه: "پڕۆژە یاسای چاکسازیی زادەی کاری هاوبەشی هەموو دڵسۆزانە وەک یەک تیم، هەق نیە کەس بیکات بە هەوڵی کەسی خۆی بۆ موزایەدە".
ده‌شڵێت: "ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی باشە بە ئاڕاستەی رێکخستنەوەی خەرجییەکانی کەرتی وەزیفە و خزمەتی گشتی لەسەر بنەمای دادپەروەریی و شایستەبوون، بەڵام به‌س نیە و هێشتا چاکسازیی تەواوی ئەم کەرتە کاری زیاتری لەم پڕۆژە یاسایە دەوێت".
ئامانج ره‌حیم هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه: راستە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران کە نزیکەی شەش كاتژمێری خایاند قۆناغی پەسەندکردنی بڕی، بەڵام هێشتا قۆناغی تەشریعکردن و دەرکردنی وەک یاسایەکی بەرکار ماوە، لەسەرو ئەوانەشەوە عیبرەت لە جێبەجێکردندایە.
سكرتێره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه: ئەم پڕۆژەیە لەسەر بنەمای هەمان پڕۆژەکەی ساڵی 2018 بوو (بە هەندێ گۆڕانکارییەوە) کە سەرەڕای تەشریعکردنی لە پەرلەمان، بەڵام بە داخەوە ئەوکات رووناکی نەبینی.
ده‌شڵێت: "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە لەگەڵ هاوەڵەکانم داکۆکیکارێکی سەرسەخت بووم و دەبم لە هەوڵەکانی چەسپاندنی دادپەروەریی و شایستەبوون لە سوودوەرگرتن لە پارەی گشتی بە جۆرێک زامنی مووچەی مووچەخۆریی شایستە بکات و چیتر بە ناشایستەیی خەڵک پارە لە بودجەی گشتی وەرنەگرێت".
راشیگه‌یاندووه: "هەر دوێنێ شەو دوا وێنەی پەسەندکراویی پڕۆژەکە ئیمزاکرا و ئەم بەیانیەش گەیشتە پەرلەمان، تکاشم وایە کە ئەو پڕۆژە و تەحلیل و تەفسیرانەی دەکرێت لە سۆشیال میدیا سەبارەت بە پڕۆژەکە گوێیان لێ مەگرن بە تایبەتی ئەوەی دەوترێت لەسەر دەڕماڵەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سەر لەبەری ناڕاستە و لە ماوەی داهاتوودا بە وردیی قسە لەسەر بڕگەکانی پڕۆژەکە دەکەم بەو شێوەی پەسەندکرا، هەق نیە کەسیش بە ناشارەزایی قسە لەسەر ئەم بابەتانە بکات و سەر لە خەڵک تێکبدات و بیانخاتە دڵەڕاوکێ".
ئامانج ره‌حیم، هێمای به‌وه‌شداوه: چاکسازیی لە دارایی گشتی پێویستی بە هەنگاوی لەم شێوەیە هەیە بۆ بواری داهات و خەرجییەکانی دیکەش لە بواری خەرجی گشتی وەک خەرجییەکانی بەکارخستن و گرێبەستە حکومیەکان و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانیش، سەرەڕای چاکسازیی ئیداری لەم هەیکەلیەتە قەبەیەی حکومەت و رێکخستنەوەی میلاک و وەسفی وەزیفیش.
هاوكات ئه‌مڕۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێشتی په‌رله‌مانتارانی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان كرد له رۆژی دووشه‌ممه 16ی كانوونی یه‌كه‌می 2019، بۆ گفوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه یاساكه.