دوو كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌رچوون


کەی دەیلی -شوانە حەسەن ئەبوبەکر

لە کۆی چوار كاندیدی کورد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، دوو کوردیان دەرچوون، یەکێکیان سەر بە پارتی پارێزگاران و ئەوەی دیکەش سەر بە پارتی کارە.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا، نەدیم زەهاوی، خەڵکی باشووری کوردستانە و كاندیدی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بوو، 33 هەزار و 343 دەنگی بەدەستهێناوە و لە هەڵبژاردنەکەدا دەرچووە.
 
هەروەها فریاڵ کلارک، کە خەڵکی باکووری کوردستانە و لە هەڵبژاردنەکەدا كاندیدی پارتی کاربووە، 23 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێناوە و بووە بە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا.
 
بەدەر لەم دوو كاندیده‌ دەرچووە، دوو كاندیدی دیکەی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا هەبوون، بەڵام بەپێی ئەنجامەکان دەرنەچوون. ئەوانیش ئیبراهیم دووگوش، كاندیدی پارتی کار کە خەڵکی باکووری کوردستانە. ئەوەی دیکەش کاوە بەهەشتیزادە، كاندیدی پارتی لیبراڵ دیموکراتە کە خەڵکی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی بەریتانیا ئاشکراکران، بەپێی ئەنجامەکان پارتی پارێزگاران سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکردووە و پارتی کاریش رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەتەوە.
 
لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی پارێزگاران 368 کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەتەنیا 325 کورسی پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
 
بەپێی ئەو ئەنجامانە، بۆریس جۆنسن بەبێ پشتیوانی هیچ یەکێک لە پارتەکانی دیکە دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و برێکزت لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدات.
 
لەبەرامبەردا، پارتی کاری بەریتانیا ژمارەیەکی زۆر کورسی لەدەستداوە، بەجۆرێک لەم هەڵبژاردنە بەتەنیا 191 کورسی بەدەستهێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە خولی پێشووی پەرلەماندا 262 کورسیان هەبووە. 


13/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌