دۆخی عیراق گفتوگۆكانی بودجه‌ی 2020ی دواخستووه‌

کەی دەیلی

په‌رله‌مانتارانی عیراق هۆكاری دواكه‌وتنی بودجه‌ی 2020، بۆ خراپی دۆخی عیراق و به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكی كوردیش رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر كات بودجه‌ی 2020ی عیراق په‌سه‌ند كرا، هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كات.

ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ میدیاكانی نزیك له‌ پارتی راگه‌یاندووه‌: بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی عیراق کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی بودجەی 2020 دوادەکەوێت، پێشبینیشی كرد ئه‌و پرۆسه‌یه‌ چەندین هەفتە بخایەنێت تا لە حکوومەتەوە بۆ پەرلەمان دەنێردرێت و دواتریش دانیشتنی لەسەر دەکەن.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتیشی: "بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، لەسەرەتای ساڵەوە، حکومەتی کاربەڕیکەر دەتوانێت مانگانە یەک لەسەر دوازدەی بودجە خەرج بکات، تا پڕۆژە بودجە پەسەند دەکرێت".

ئه‌وه‌شی زیاد كرد: بەوەش بەغدا پابەندە مانگانە 435 ملیار دینار مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات هەروەک چۆن لە یاسای بودجەی 2019 دەنگی لەسەر دراوە.

لە بارەی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ و فرۆشتنی لە رێگەی بەغداوە ئەحمەد سەفار وتی: "ئەو رێککەوتنەی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق پەیوەستە بە پەسەندکردنی بودجە، هەر کاتێک بودجە پەسەند کرا، ئەو کات هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە رێگەی بەغداوە دەفرۆشێت".



13/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌