کەی دەیلی
باڵیۆزخانەی کوەیت لە بەغدا داوا لە کوەیتیەکان دەکات سەفەر بۆ عیراق نەکەن و ئەو کوەیتیانەشی لە عیراقن بەخێرایی وڵاتەکە جێبهێڵن.
ئاژانسی هەواڵی کوەیت لە زاری باڵیۆزخانەی کوەیت لە بەغدا گواستوویەتیەوە،" داوا لە هاووڵاتیانی کوەیتی ناو عیراق دەکەین بەخێرایی عیراق جێبهێڵن بەمەبەستی پاراستنی گیان و ئاسایشی خۆیان بەهۆی رووداوەکانی عیراقەوە".
هاوکات باڵیۆزخانەکە دەڵێت پێویستە هاوڵاتیانی کوەیتی نیشتەجێی عیراق بە یاسا و رێنماییەکانی عکومەتی عیراقیەوە پابەند تا رووبەڕووی سزا و زیندانی کردن نەبنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی ٢٥ ی مانگی ١٠ ش باڵیۆزخانەی کوەیت لە بەغدا داوای لە کوەیتیەکان کردبوو لە کاتی هاتنیان بۆ عیراق ئەوپەڕی رێکاری سەلامەتی خۆیان بگرنەبەر و لە ناوچەکانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانیش دوور بکەونەوە.
هۆشدارییەکەی باڵیۆزخانەی کوەیت لەکاتێکدایە نزیکەی دوو مانگە شەقامەکانی عیراق خۆپیشاندان و ناڕەزایی گەورە بەخۆوە دەبینن و بەپێی دوا ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٢٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ٨ هەزار کەسیش بریندار بوون.