ئیسپەر بۆ عەبدولمەهدی: پێویستە بۆردومانی سەر دامەزراوەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رابگیرێت


کەی دەیلی

وەزیری بەرگری ئەمریکا داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عیراق کرد رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی بۆردومانکردنی سەر دامەزراوە سەربازییەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. 

بەپێی هەواڵی میدیاکان ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ ، مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا قسەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عیراق کرد و باس لە پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئەمریکا و عیراق کرا و هەردوولا جەختیان لە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردووەتەوە. 

لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا مارک ئیسپەر نیگەرانی خۆی پیشانداوە لەوەی بەشێک لە دامەزراوە سەربازییەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رووبەڕووی بۆردومان دەبنەوە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێوشوێن بۆ وەستانی ئەو هێرشانە بگیرێتەبەر. 

لای خۆشیەوە عادل عەبدولمەهدی نیگەرانی خۆی لەو هێرشانە پیشانداوەو داوای هەڵوێستی پێویست و جدی کردووە بۆ رێگرتن لەتەشەنەکردنی رووداوەکان و وتوویەتی، " ئەم کارە زیان بە هەموو لایەنەکان دەگەیەنێت". 

وتووشیەتی، " هەر لاوازیییەک لە حکومەت و دەوڵەتی عیراقەوە دەبێتەوە هۆی ئاڵۆزی و دروستبوونی گرژی و پشێوی لە عیراقدا". 

هۆشداریشی داوە لەوەی بڕیاردان لە یەک لایەنەوە دەرئەنجامێکی نەرێنی دەبێت کە لە دواتردا کۆنتڕۆڵ کردنی  قورس دەبێت و هەڕەشە لە ئاسایش و سەروەری و سەربەخۆیی عیراق دەکات. 



16/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌