به‌رپرسێكی ئه‌مریكا په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی عیراق کرد


کەی دەیلی 
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌رده‌وام راپۆرتی له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی عیراق پێده‌گات و له‌ په‌یامێكیشدا بۆ خۆپیشانده‌ران وتی: هه‌ركات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ناوی خۆپیشانده‌رێكی ده‌ستگیركراوی هێنا، ئه‌وه‌ مانای گۆڕانكارییه‌.

به‌پێی هه‌واڵێكی كه‌ناڵی حوڕه‌، به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نه‌یویستوه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت و رایگه‌یاندوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی خۆپیشانده‌ران ده‌كوژن و ده‌یانفڕێنن، هه‌موویان له‌ناوخۆی عیراقدا نین، به‌ڵكو ده‌ستی ده‌ره‌كییه‌، به‌مه‌ش ئاماژه‌ی به‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌ خۆپیشاندانه‌كانی عیراق دا.

به‌رپرسه‌كه‌ په‌یامێكی ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌رانی عیراق كرد و ئامۆژگاریی كردن كه‌ هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدا بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و پێی وتن: "ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان ده‌ستگیركرا، ئه‌وا با بزانێت كه‌ به‌ ته‌نها نییه‌، ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌كانیش یان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ناوی یه‌كێك له‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی هێنا، ئه‌وا زۆر شت له‌سه‌ر زه‌وی ده‌گۆڕدرێت".

له‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی عیراقه‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی دوو مانگ زیاتره‌ ده‌ستپێكردوه‌، نزیكه‌ی 460 كه‌س كوژراون و 20 هه‌زاری دیكه‌ش برینداربوون و ده‌یانی دیكه‌ش فڕێندراون.



17/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌