مه‌لا به‌ختیار: ده‌نگمدا و ویژدانی‌ خۆمم ئاسوده‌ كرد


کەی دەیلی

مه‌لا به‌ختیار كه‌دوێنێ‌ وه‌ك ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ باڵای‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌نێو كۆنگره‌ی‌ چواره‌می‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌شێوازی‌ ده‌نگدانی‌ ئاشكرا هه‌ڵبژێردرا. ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌مرۆ به‌شداری‌ له‌ده‌نگدان به‌سه‌ركردایه‌تی‌ گشتی‌ حزبه‌كه‌ی‌ كردووه‌ و ده‌ڵێت "ویژدانی‌ خۆمم ئاشكرا كرد".

مه‌لا به‌ختیار له‌په‌یامێكدا كه‌وێنه‌یه‌كی‌ بۆ سایتی‌ کەی دەیلی نێردراوه‌، له‌ژێر ناوی‌ "به‌چ پێوه‌رێك ده‌نگم دا" ڕایگه‌یاندووه‌  "سەرەڕای جیاوازی و رەخنەكان، دواجار كۆنگرە بەسترا. بەستنی كۆنگرەش، گرنگ بوو.. نەك بە پاساوی ناڕاست دواخرابا.".

"جارێ زووە، حوكم لەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانی لەمەودوا بدرێ. بەڵام ئومێدەوارم، لەم قۆناغە گوزەرەی حیزبایەتیداو لەم هەلومەرجەی شەپۆلەكانی گۆڕانكاری كە دەوری تەنیوین، تێبگەین، تەنها گۆڕانكاری و ئاراستەی نوێی سیاسی، دادمان دەدات. دیارە كۆنگرە لەپێناوی كۆنگرە نییە. بەڵكو كۆنگرە لەم سەردەمەدا، تەنها و تەنها بۆ بەدیهێنانی خەونە كۆن و نوێكانە. بەڵكو خزمەتكردنی نەوەی نوێشە!".

مه‌لا به‌ختیار ده‌شڵێت "كاتێك لیستی كاندیدەكانیان دامێ، چركەسات و موچركە هەستێكی سەیر، دایگرتم. لەنێوان كینە و بەرپرسیارێتیدا، لەنێوان ویژدان و بێ ویژدانیدا، وەكو مەلا بەختیار دەبوو یەكێكیان هەڵبژێرم. كە كاندیدی مەڵبەندو سەركردایەتیم بەسەر دەكردنەوە، قەت نەمتوانی، ناجوامێریەكان كە بەرامبەرم كراوە، بكەمە پێوەری دەنگدان.".

 بۆیە، ناوبراو ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ "لەگەڵ كام هەڤاڵ ناكۆك بوم، هیچ كاریگەریەكی لەسەرم نەبوو بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكان. بەڵكو، مێژووی خەبات و پەرۆشی و ئاستی تێگەیشتن، لام پێوەر بوو. لەناو سەرجەم تەكەتولەكاندا، كاندید بژێرم كردو ویژدانی خۆم ئاسودە كرد. هەشبون، كۆك بون لەگەڵمدا، بەڵام دڵنیا بوم، كەڵكی سەركردایەتیان نابێ، دەنگم نەدانێ. بەم شێوەیە پابەندی مۆراڵی دیموكراسی و حیزبایەتی بوم."



23/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌