سەرۆكی پێشوی زانكۆ لە پۆلیس دەستبەسەرە و بە كەفالەتیش ئازادنەكراوە


کەی دەیلی 

د.عەباس تەقی، سەرۆكی پێشوی زانكۆی كەركوك لە پشكی توركمان، پێنج رۆژە بە بڕیاری دەستەی نەزاهە لای پۆلیس دەستبەسەرە و ئازادنەكراوە. هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە 23ی كانونی یەكەم بە كەفالەت ئازادبكرێت.

چوارشەممەی رابردوو 18ی كانونی یەكەم، د.عەباس تەقی، سەرۆكی پێشوی زانكۆی كەركوك بەبڕیاری دەستەی نەزاهە و لەسەر سكاڵایەك دەستگیركرا، تائێستاش لای پۆلیس دەستەبەسەرە، ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی عەباس تەقی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە تەنیا ئەوەندە دەزانین كە هێشتنەوەی لە پۆلیس لەسەر داوای دەستەی نەزاهە بووە و هیچ زانیاری ترمان نییە لەسەر سكاڵاكە و دۆسییەكەی".

تەنیا ئەوەندە دەزانین كە هێشتنەوەی لە پۆلیس لەسەر داوای دەستەی نەزاهە بووە

جەختیشیكردەوە "بڕیاربوو ئەمڕۆ دووشەممە - 23ی كانونی یەكەم-، د.عەباس لە پۆلیسی قۆرییە بە كەفالەت ئازادبكرێت، بەڵام ئازادكردنەكەی دواخرا بۆ سبەی سێشەممە و هۆكارەكەشی نازانین".

عه‌باس حه‌سه‌ن ته‌قی، سه‌رۆكی پێشوی زانكۆی كه‌ركوك له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی ئۆسكاری خوێندنی باڵا
 
د.عەباس تەقی، سەرۆكی پێشوی زانكۆی كەركوك بوو لە پشكی توركمان، بەڵام چەند مانگێك لەمەوبەر لە پۆستەكەی دورخرایەوە، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق.

سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی زانكۆی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆسییەكەی د.عەباس تەقی، بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی زانكۆ بوو، بەڵام بەڕونی نازانین لەسەر چییە".

دۆسییەكەی ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی زانكۆ بوو

لە ماوەكانی رابردودا و بە بڕیاری دەستەی نەزاهەی عیراق دەیان كەس بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو، یان دۆسییەكانیان رەوانەی دادگا كرا، لە نێویاندا خودی راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت و 13 كەسی تر لە دیوانی پارێزگار كە لێپرسراوێتیان هەیە.


23/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌