چەند ئەندامێکی کۆنگرێس نامەیەک ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن

کەی دەیلی
چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا لەسەر خۆپیشاندانەکانی عیراق و دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عیراق  نامەیەک بۆ وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەنێرن. 

چوار ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ نامەیەکیان ئاراستەی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە و تێیدا هاتووە، " بەڕێز وەزیر مایک پۆمپیۆ، خۆپیشاندەرانی عیراق لەسەر شەقامەکان وەستاون و چاوەڕێی پشتیوانی ئەمریکان، بەپێی ئەو ژمارە و ئامارانەی لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هاتووە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ عیراقی کوژراون لەسەر دەستی چەکدارانی سەر بە ئێران، ئەو خۆپیشاندەرانە لە پێناوی مافە دیموکراسی و مرۆڤیەکان دەکوژرێن، هەزاران کەس برینداربوون و زیندانی دەکرێن". 

دەشڵێن، " پێویستە سزا بەسەر گەندەڵکاران و ئەوانەدا بسەپێنرێت کە خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن توندوتیژی بەرامبەریان بەکاردەهێنن، ئەو رێوشووێنانە کاریگەرییەکی روونی دەبێت و گەلی عیراقیش هەست بە دڵنیایی دەکەن کاتێک لێپرسینەوە لەوانە دەکرێت کە مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە". 

ئەو چوار ئەندامەی کۆنگرێس داواش دەکەن سزاکان بەسەر ئەو کەسانەدا بەشێوەیەکی تەواو بسەپێنرێت و داواش لە وەزیری دەرەوە دەکەن کاری جدی بکات بۆ پشتیوانی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراقدا بکات. 

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن " گرنگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق کاربکات بۆ ئەوەی بەجدی کار لەسەر داواکارییەکانی گەلی عیراق بکات". 

دەشڵێن، " پێمانوایە دەتوانین بە جدیتر و باشتر لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عیراق کاربکەین ، ئەو دەسەڵاتدارانەی کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عیراق دەکەن و خوێنی عیراقیەکانیان نەڕشتووە و گەندەڵیان ئەنجامنەداوە، دەنگێک دەبن بۆ عیراقێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و دوور لەهەر هەژموونێکی دەرەکی". 



24/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌