ئه‌مریكا حه‌شدی شه‌عبیی بۆردومان كرد و سەرکردەیەکی حەشدی کوشت

کەی دەیلی

سوپای ئه‌مریكا باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبیی له‌ سنوری پارێزگای ئه‌نبار بۆردومان كرد و وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌و وڵاته‌ش بۆردومانه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌ و رایگه‌یان كه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانیان له‌ عیراق و سوریا بۆردومان كردوه‌.

ئه‌مشه‌و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای ئه‌مریكا باره‌گای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ قائیمی‌ سه‌ربه‌ پارێزگاری‌ ئه‌نبار بۆردومان كرد و سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌منیش‌ رایگه‌یاند كه‌ بۆردومانه‌كه‌ بۆسه‌ر لیوای‌ 45 و 46ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بووه‌ له‌ شارۆچكه‌ی‌ قائیم.

به‌پێی‌ زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ ئه‌نجامی‌ بۆردومانه‌كه‌دا سێ‌ چه‌كداری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ برینداربون كه‌ برینی‌ یه‌كێكیان سه‌خته‌ و یەکێکیش لە کوژراوەکان فەرماندەی فەوجێکی حزبوڵای عیراقە بەناوی حاج ئەبوعەلی مەدەنیە، ئاشكراشیكرد كه‌ باره‌گا بۆردومانکراوەکان چه‌ندین مووشه‌كی‌ دورمه‌ودا و كورت مه‌ودای‌ تێدایه‌ و سه‌ربه‌ گروپی‌ حزبوڵای‌ عیراقه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا "پنتاگۆن"له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بۆردومانكردنی‌ پێنج باره‌گای‌ حزبوڵای‌ عیراقی‌ پشتڕاست كرده‌وه‌ و راگه‌یاند كه‌ سێ‌ باره‌گای‌ حزبوڵا له‌ عیراق و دوو باره‌گا له‌ سوریا كراونه‌ته‌ ئامانج".

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ "هێرشه‌كان له‌ وه‌ڵامی‌ بۆردومانی‌ حزبوڵایه‌ بۆ سه‌ر بنكه‌كانی‌ هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی‌ K1 له‌ كه‌ركوك دێت و ئه‌و شوێنانه‌ش كه‌‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، كۆگای‌ چه‌ك و شوێنی‌ پلاندانانی‌ هێرشه‌كان بوون بۆ سه‌ر باره‌گاكانی‌ ئه‌مریكا.

 پنتاگۆن رایگه‌یاندوه‌ كه‌ "حزبوڵا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌هێزی‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ پاسداران هه‌یه‌ و پێویسته‌ ئێران و میلیشیاكانی‌ سه‌ر به‌و وڵاته‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر هاوپه‌یمانان كۆتایی پێبێنن".



29/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌