‌هه‌موو منداڵێكی باڵا كورت پێویست ده‌كات ده‌رزی هۆرمۆنی گه‌شه‌ی‌ بۆ بكرێت؟

 
کەی دەیلی
به‌شێك له‌ منداڵان گرفتی كورتی باڵایان هه‌یه‌ و له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ به‌ ده‌رزی هۆرمۆنی گه‌شه‌ چاره‌سه‌ری بۆ ده‌كرێت، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر ئاكۆ پـسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و خۆراک و گەشەی منداڵان هۆكاره‌كانی كورتی باڵا ڕونده‌كاته‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ی‌ منداڵه‌كان پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌رزی هۆرمۆنی گه‌شه‌یان بۆ بكرێت؟

هەندێ لە هۆکاری کورتە باڵایی :

1- زۆربەی جار هۆکارەکەی بۆماوەیە(ویراسیە)

2- کەمی هۆرمۆنی گەشە ، ئەم حاڵەتە لە ٤٠٠٠ کەسدا یەک کەس توشی دەبێت.

3- کەمی هۆرمۆنی غودەی دەرەقی

4- بەدخۆراکی

5-  نەخۆشیە درێژخایەنەکان وەک نەخۆشی گورچیلە، نەخۆشیە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەرس، نەخۆشی رۆماتیزمه‌، نەخۆشی سەلەسیمیای گەورە.

6- حاڵەتە دەروونیکان وەک خەمۆکی درێژخایەن

7- نەخۆشیە کرۆمۆسومیەکان وەک کونیشانەی داون و تێرنەر

8- هەندێ نەخۆشی لە کاتی دووگیانی وا دەکات منداڵەکە بچووک دەرچێت وەک نەخۆشی زەخت و شەکرە و کەمخوێن و کەم خۆراکی.

 لە چ کاتێکدا پێویست دەکات دەرزی هۆرمۆنی گەشە بەکار بێت بۆ کورتە باڵای؟

بەکار هێنانی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر هەندێ گۆرانکاری کەمی هەیە،لە ولاتی خۆمان بە پێی رێنمای تازەی وەزارەتی تەندروستی عێراق بەکارهێنانی دەرزی گەشە تەنها لەم چوار حاڵەتە دەبێت بکرێت :

1- نەخۆشی کەمی هۆرمۆنی گەشە . ئەم حاڵەتە بە پشکنینێکی تایبەت دەسنیشان دەکرێت کە تەنها لە بەشی گەشەی باڵا دەکرێت لە نەخۆشخانەی دكتۆر جمال احمد رشیدی منداڵان.

2- ئه‌گەر بەهەر هۆکارێک لە کاتی دووگیانی منداڵەکە بچووک بوو وە تا ٤ ساڵێ گەشەی باڵای منداڵەکە بە پێ پێویست نەبوو.

3- نەخۆشی سستی گورچیلەی درێژ خایەن

4- نەخۆشی کۆنیشانەی تێرنەر

لەم چوار حاڵەتە لە بەشی گەشەی باڵا لە نەخۆشخانەی منداڵان فایلی تایبەتی بۆ دەکرێت ئینجا لە وەزارەتی تەندروستی بەغداد برێ پێویستی دەرزی هۆرمۆنی گەشەی بۆ دابین دەکرێت، بەکارهێنانی ئەم دەرزیە لە ٥ بۆ ١٥ ساڵیە.

تکایە بێ راوێژیی بەشی گەشە لە نەخۆشخانەی د.جمال احمد رشیدی منداڵان ئەم دەرزیە بەکار مەهێنە تا دووربیت لە دەرەنجامە خراپەکانی ئەم دەرزیە.


29/12/2019






زۆرترین خوێنراو‌
‌هەواڵی پەیوەندی دار .. ‌