سەپۆرتە ناڕاستەوخۆکەی بەغدا


شاخەوان برایم عەبدوڵا

سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان وێڕای بزووتنەوە رزگاریخوازییەکەی و هەڵبەز و دابەزی پێشووی لە شاخ و شاردا، لە ساڵی ۲۰۱۷ دیارترین هەنگاوی مێژوویی و پراکتیکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاویشت تا ئاستی ئەوەی گوێی جیهان بە پرسی سەربەخۆیی ئاشنابوو، وەلێ بەرژەوەندیی زلهێزەکان بە تایبەت و هاوهەڵوێستی سێ وڵاتە نەیارەکەش هێندەی دیکە کێشەیان لەبەردەم ئەو پرسە نەتەوەییەدا دروست کرد، لە سەروویانەوە پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد، ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا ناوی بە خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر تۆمار کرا، دەکرێ هۆکارێک دیکە بن بۆ دروستکردنی ئاریشە گەورەکە کە سەپۆرتی نەیارانی کورد و بلۆکی زلهێزه بەرژەوەندخوازەکەی کرد و بەهۆیەوە لە قۆناغی ئێستادا بەربەستیان لەبەردەم سەربەخۆییدا دروستکرد، بەوەی کورد نەیتوانی چەکی ریفراندۆم بەکاربهێنێت، چەکێک لەگەڵ ئەوەی هێشتا نەیپێکاوە، کەچی جۆرێک هۆشیاری بڵاوکردووەتەوە، ئیدی کوردیش سەربەخۆیی لە ناخیدا زیاتر چەکەرەی کردووە.

ئەو دۆخە سیاسی، مەزهەبی، کۆمەڵایەتی، ئەمنییەی عێراق، بە یەک پاکێج و لە ئەنجامی بەردەوامیاندا، سەپۆرتی پرسی کورد دەکەن، سەپۆرتێک ناڕاستەوخۆ عێراقییەکان پێشکەشی کوردی دەکەن و ئۆڤەری نەتەوەیی و سیاسی دەخەنە بەردەم کورد، بەو مەرجەی لە ئەجێندای سیاسیی کوردیشدا هەستی هەڵقۆستنەوەی دەرفەتەکان و سوودوەرگرتن لە ئۆڤەرەکان هەبێت، ئەمە بە مانای گوتاری جیابوونەوە لە ئێستادا نایەت، بەهۆی ئەوەی هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ کاولگەی عێراقدایە، کەوایە لێرەدا دەکرێ کوردیش دۆخی عێراق وەک بەدەستهێنانی سەپۆرتی نێودەوڵەتی بقۆزێتەوە، بەجۆرێک دۆخی ناسەقامگیر و شڵەژاوی عێراق بەجۆرێک بناسێنێت مەترسی لەسەر کورد هەیە و کۆمەڵگەی عێراقیش جگە لە کێشە ناتوانن هیچی دیکە پێشکەشی کورد بکەن، بە پێچەوانەوە، دۆخە شڵەژاوەکەی بەغدا مەترسییەکی جیدی لەسەر کورد بە گشتی هەیە، بەوەی هیچ گرەنتییەک نییە تا بتوانێت لەگەڵ دەموچاوەکانی داهاتووی عێراقدا هەڵبکات، بە تایبەتی ئەوەی دێت پێیوایە بە دژایەتیکردنی کورد، لە لای شەقامی عێراقیدا خۆشەویست دەبێت.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر بە ڕووکەش و بۆ فێڵیش بێت، ڕێز لە پێگە و ئەزموونی دیموکراسی هەر وڵاتێکی ناوچەکە دەگرن، لێرەدا کوردیش دەتوانێت کەیسی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئەزموونی دیموکراسی ئەگەر وەک گەمەیەکیش بێت، بەکاربهێنێت، لەگەڵ ئەوەی ئێمە دەزانین هێشتا ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان قۆناغی زۆری نەبڕیوە، ناڵێین سەرەتایە، بەڵام زۆریشی ماوە، بەوەی هێشتا دیموکراسی نەبووەتە کولتووری ئینسانی کورد و زۆرجاریش تەنیا لە هەڵبژاردندا چڕ دەکرێتەوە، لەکاتێکدا هەڵبژاردن یەکێکە لە کۆمەڵە ڕەگەزەکانی دیموکراسی، وێڕای ئەمە ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان بە بەراورد بە عێراق، وەک رەش و سپی وایە و عێراق لە ئاست کوردستاندا لەژێر هێڵی سفردایە، هەڵبەت ئێمە باسی دیموکراسی لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکەین، هەولێرمان بە بەرلین و پاریس بەراورد نەکردووە، بەڵکوو کێبڕکێی پێ دەکەین لەگەڵ بەغدا.
ئێستا واقیعێک هەیە، گەورە و بچووکی سیاسییەکانی بەغدا و بەشی زۆری ئەوانەی جیهانیش دەزانن هەنگاوی سیاسیی ۲۰۱۷ی هەولێر، پەیامی سەربەخۆیی بوو، هەنگاوێک تازە لە ناخی هەر کوردێکدا گیربووە و زەحمەتە بەو ئاسانییە بێتە دەرەوە، لە هەمووی گرنگتریش کۆمەڵگەی عێراقی گوێی لەگەڵ سەربەخۆییدا ڕاهاتووە، وێڕای هەڵوێستی دوژمناکارانە و هێرشی سەربازی بەغدا بۆ سەر هەولێر، بەڵام واقیعەکە هەر ئەوەیە کە خودی بەغدا لەوە تێگەیشتووە ئیدی دڵی کورد لە جەستەی عێراقدا دەرهاتووە و لە خاک و جەستەی خۆیدا جوڵە دەکات و خوێن بۆ بەشەکانی جەستەی کوردستان دەگوازێتەوە، دڵێک ئیدی زەحمەتە بە جەستەی عێراقدا بلکێتەوە، ئاخر لە دەمارەوە دەرهاتووە و بۆ خۆی لێدەدات، هەڵبەت ئەوەش پەیوەستە بە ڕەخسانی دەرفەتی نوێ لە قۆناغی داهاتوودا، وەک گوتمان دۆخەکەی عێراق، سەپۆرتی کوردستان دەکات، بەو مەرجەی کوردستانیش بتوانێت بیقۆزێتەوە.


31/12/2019